بەغداد – ا ه ع
لە چوارچێوەی سەردانە مەیدانیەكەی لە پارێزگای ئەنبار، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی كەوت بە ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆكی عەیشرەتەكانی فەلوجە.
لە میانی دیدارەكەدا تاوتوێی كۆی بارودۆخی پارێزگای ئەنبار كرا، لەگەڵ ئەو گرفتانەی روبەروی دەبنەوە، بە تایبەت لە بواری ئەمنی و دوبارە ئاوەدانكردنەوە، بەرێزیان تەئكیدی كردەوە لەسەر گرتنەبەری تەواوی رێوشوێنەكان بۆ بەرگرتن لە سەرلەنوێ گەڕانەوەی تیرۆریستان بۆ پارێزگاكە و ئەنجامدانی كردەوەی تاوان و تێكدەرانە.
بەرێزیان وتیشی:" پێوستە چاومان لە بارودۆخی ئەمنی غافڵ نەبێت، ئەوەش پێویستی بە دانانی بنەمای پتەوە بۆ پارێزگاری كردن لە ئارامی تا ببێتە دەروازەی دەستپێكردنی ئاوەدانكردنەوە و ڕاكێشانی وەبەرهێنان".
حەلبوسی رۆڵی گەورەی عەشایرەكانی ئەنباری بەرز نرخاند لە پشتیوانی كردنی هێزە سەربازی و ئەمنیەكان و ئەو گیانفیداییەی پێشكەشیان كرد لە پێناو رزگار كردنی پارێزگاكە لە تیرۆر، هاوكات تەئكیدیشی كردەوە لەسەر گرنگی بەشداری كارایان لە پشتیوانی كردنی دامەزراوە ئەمنیەكان و هاوڵاتیان ببنە سەرچاوەی یەكەمی زانیاری ئەمنی.
بەرێزیان رۆڵی هێزە ئەمنیەكان و قوڵایی پەیوەندی و هەماهەنگی و دەستخستنە نێو دەستی یەكی ئەوان و هاوڵاتیانی بەرز نرخاند لەگەڵ كاردانەوەی پۆزەتیفی لەسەر بارودۆخی ئەمنی.
هەر لەو سەردانەیدا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران چاویشی كەوت بە ژمارەیەك لە رۆڵەكانی فەلوجە و گوێبیستی كێشە و پێداویستیەكانیان بوو، راسپاردەشی دەركردن بۆ جێبەجێكردن و چارەسەری بەپەلە بۆیان.