تایبەت – ا ه ع ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی ئەمرۆ چوار شەممە رایگەیاند دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە پارێزگای كەركوك پشت بە نەخشەیەكی نوێ دەبەستێت، تەئكیدیشیكردەوە لەسەر گرنگی بەدورگرتنی ئەو نەخشە نوێیە لە فشاری حزبی. ساڵحی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) رایگەیاند پێویستە بیر لە دۆزینەوەی ئیدارەیەكی نوێ بۆ كەركوك بكەینەوە لە بوارەكانی ئەمنی و سیاسیدا و پشت بە نەخشەیەكی نوێ ببەسترێت لە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری پارێزگار بەو پێیەش دەكرێت ئەركە ئەمنیەكان دابەشبكرێن. رونیشیكردەوە دابەشكردنی پۆستە ئەمنیەكان دەبێت لەسەر بنەمای دابەشكردنی ئەو پۆستانەبێت، بۆ نمونە ئەگەر پۆستی پارێزگار بدرێتە توركمان یان كورد، پێویستە پۆستی بەرێوەبەری پۆلیس یان بەرێوەبەری گشتی نەوتی باكور لە پێكهاتەیەكی تربێت، ئەوەش پشت بە جۆری ئەو ئیدارەیە دەبەستێت كە لە كەركوك پێكدەهێنرێت. وتیشی قۆناغی 14 ساڵی رابردوو بەرێوەبەری پۆلیسی كەركوك لە پێكهاتەی كورد بوو كە پۆستێكی گرنگە، بە درێژایی ئەو ساڵانەش فشاری حزبی لەسەر ئەو بەرێوەبەرە هەبووە.