بەغداد – ا ه ع
دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، ئەمرۆ سێشەممە، لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكرد لە باڵیۆزانی دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسلامیی لە بەغداد كە پیرۆزبایی پادشا و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیر و میر و سەركردەی دەوڵەتەكانیان گەیاندە بەڕێزیان بە بۆنەی وەرگرتنی ئەركەكانی سەرۆك كۆماریی.
بە پێی بەیاننامەیەك كە وێنەیكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) كەوتووە، سەرۆك كۆمار لە میانەی پیشوازیكردنەكەدا دووپاتیكردەوە پێویستە عێراق ببێتە مەیدانی بەیەك گەیشتن و سازان بۆ بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان نەك دابڕان و لێكترازانیان، ئاماژەی بەوەشكرد تێدەكۆشێت بۆ گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی بنیاتنەرانە لەگەڵ دەوڵەتانی برا و دۆستدا بە شێوەیەكی كارا بەو جۆرەی خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی یەكتر دەكات.
راشیگەیاند: كە پێویستە قورسایی و گوشاری گرژییەكان نەخرێتە سەرشانی عێراق، ئەوەیشی خستە رو كە عێراق وڵاتێكی میحوەرییە لە ناوچەكەدا و لێپرسراویەتیی و رۆڵی گرنگیی دەكەوێتە ئەستۆ لە پێناوی كەمكردنەوەی كێشەكان و هێور كردنەوەی گرژییەكان و قوڵ كردنەوەی رایەڵەی پەیوەندییەكان و لێك تێگەیشتنی هاوبەش.
بەرهەم ساڵح روونیكردەوە ئەو پەیوەندییە مێژوییەی كە لە قوڵیی مەودا و رەهەندە عەرەبیی و ئیسلامییەكەی سەرچاوەی گرتوە هاوبەشیی سیاسیی و ستراتیژیی گرنگ ئەسەپێنێت، كە ئەمەش دەرفەت بۆ ناوچەكە دەڕەخسێنێت رۆڵێكی هاوسەنگیی ببینێت لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ ئامانجی پاراستنی مەسەلە جێ بایەخە هاوبەشەكان.
هەروەك لە وتەكانیدا روانیننی عیراقی لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەمو لایەكدا رونكردەوە كە ئەو پەیوەندییانە لەسەر بناغەی رەچاو كردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و دەست وەرنەدان لە كاروباری یەكتر و خۆ نەخزاندنە نێو هیچ دەستەگەرییەك و هەڵوێستە دژ بەیەكەكانی ناوچەكە دامەزراوە، یەك هەڵوێستیی ناو خۆی عێراقیشی لە ئاست مەسەلە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئامادە بوان خستەرو، دوپاتیشیكردەوە عێراق لەبەردەم قۆناغێكی نوێدایە كە پیویستە پشتگیریی بەڕێز عادل عەبدولمەهدیی سەرۆك وەزیری راسپێراوبكرێت لە ئەركی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و لێهاتو، تا بتوانێت كۆسپ و تەگەرەكان تێ بپەڕێنێت و ئاشتیی پێشكەوتن بۆ گەلی عێراق دابین بكات.
باڵیۆزانی دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسلامیی پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ هەوڵەكانی عێراق لە هەنگاونان بەرەو قۆناغێكی نوێی گەشەپێدانی هاریكاریی و دیالۆگی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی، پەرۆشیی وڵاتەكانیشیان نوێكردەوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە هاوبەشەكان.