بەغداد – ا ه ع
دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار داوای كاراكردنی ئەو یاسا و بڕیارە پەكخراوانەی كرد كە پشتیگریی لامەركەزیی كارگێڕیی لەعیراق و دەستكرانەوەی دەسەڵاتی بەشە بودجەی پارێزگاكان دەكەن، گرنگیی گەشەپێدانی گەشتوگوزار و گەشتیاریی شوێنەوارەكانی لە پارێزگای زیقار و هەموو عێراق بەگشتیی دووپاتكردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی پارێزگای زیقار بە سەرۆكایەتیی یەحیا محەمەد باقر ئەلناسریی پارێزگار بە هاوڕێیەتی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی پارێزگاكە كە هاتبوون بۆ پیرۆزباییكردن لە سەرۆك كۆمار بە بۆنەی وەرگرتنی ئەركەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار، هەروەها پارێزگار بەرهەم ساڵحیان بانگهێشت كرد بۆ سەردانی پارێزگاكەیان بە زوترین كات، دوپاتیكردەوە پارێزگای زیقار سەرچاوەی سەرەكیی دەرامەتەكانی عیراقە، ستایشی رۆڵی درەوشاوەی رۆڵەكانی پارێزگاكەی كرد لە دەوڵەمەندكردنی شارستانیی عیراق و ناوچەكە بە درێژایی سەردەمەكان.
سەرۆك كۆمار لە وتەكانیدا دووپاتیكردەوە: كەبە شەخسیی و بەبایەخەوە بەدواداچون دەكات بۆ كاركردنی جددی لە پێناوی گەشەپێدانی پارێزگاكانی عیراق، بە نیازیشە هاریكاریی باشی حكومەتی نوێ بكات لەم روەوە ، ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە بەشێوەیەكی داد پەروەرانە سامانەكانی وڵات دابەشبكرێت بەسەر هەموو ناوچەكاندا و گرنگی بدرێت بە گەشەپێدانیان لەروی ئابوریی و ئەمنییەوە بێت جیاوازیی، رونیشیكردەوە لە داهاتوودا بە خۆشحاڵیەوە سەردانی زیقار دەكات.
سەرۆك كۆمار ئەوەشی خستەروو كە چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا و ئاو و نیشتەجێكردن و نەهێشتنی بێكاریی و بونیادنانی خوێندنگاكان و دابینكردنی میلاكی ئاسایش لە ریزی پێشەوەی كارەكانە لە ماوەیەكی دیاریكراودا ، دووپاتیشیكردەوە نەهێشتنی ئەو رێژە بەرزەی بێكاریی كە لە ناو گەنجاندا هەیە پێویستی بە پرۆژەی ستراتیژییە هەیە، كە بە رەهەند ومەودای فراوانتر گەورە بكرێت، پاشان دەبێت لەڕوی جوگرافیی و ژمارەی دانیشتوان لێك بدرێتەوە و ئەژمار بكرێت.
سەرۆك كۆمار لە بەشێكی تری ووتەكانیدا بەگرنگیەوە جەختی لەوەكردەوە كە بایەخ دەدات بە پێشكەشكردنی پرۆژەی ئەو یاسانەی كە گەشەكردنی ڕاستەقینەی پارێزگاكان كارا و خێراتر دەكەن ،لەوروەشەوە یاسایی شارە پیشەسازییەكان و یاسایی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی نێوان حكومەتە نێوخۆییەكان و دەسەڵاتی فیدراڵیی بەبیر هێنایەوە ،هەروەها گرنگیی نوێنەرایەتیكردنی پارێزگاكانیشی لە ئەنجومەنی وەزیران خستەروو.
بەڕێزیان بە پەرۆشێكی زۆرەوە نوێنەرانی پارێزگاكانی لەئەنجومەنی نوێنەرایەتییەكان و لێپرسراوانی فەرمانگەی پارێزگاكانی بانگهێشت كرد بۆ هاریكاریی و دەست لەناو دەستكردنی یەكتر لە پێناوی كارا كردنی پرۆژە راگیراوەكان و دانانی پلانی ستراتیژیی بۆ گەشە پێدانی گەشتوگوزار و گەشتیاریی شوێنەوارەكان و چاككردنی زەوی و زارە كشتوكاڵییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو و مەترسی بە بیابان بون ،هاوكات ئاماژەیكرد بۆ گرنگیی ئامادەسازیی خێرا و بەپەلە بۆ فڕۆكەخانەی پارێزگاكە و دروستكردنی پاڵاوگەی زیقار.
لای خۆیشیانەوە سەرۆك و ئەندامانی وەفدەكە سوپاسی ئەو پێشوازیی و میواندارییە گەرموگوڕەی سەرۆك بەرهەم ساڵحیان كرد ، هاوكات كێشە و كۆسپەكانیان خستە رو كە پارێزگاكەیان بەدەستییەوە دەناڵێنێت لە ئاست و روی ئابووریی و وەبەرهێنان و ژینگە و خزمەتگوزارییەوە.