بەغداد – ا ه ع
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، لە نوسینگەی تایبەتی خۆی، پێشوازی كرد لە دكتۆر ئۆلۆریمی سوجنرو نوێنەری سنودقی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ دانیشتوان لە عێراق و وەفدی یاوەری.
لە میانی دیدارەكەدا تاوتوێی بارودۆخی رزگاربوانی كردەوە توندوتیژییەكان لە وڵاتدا كرا، لەگەڵ دابینكردنی لانەیەكی ئارام بۆیان بە هاوكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، و دۆزینەوەی چوارچێوەیەكی یاسایی بۆیان، وەفدی میوان پێشنیاری بەستنی ۆرك شۆپێكی راوێژكارییان كرد بە چاودێری بەرێز حەلبوسی و ئامادەبونی سەرۆكی هەرێمایەتی سەندوق؛ بۆ لێكۆڵینەوە لەو پرسە بەشێوەیەكی فراوان، وادەی ۆرك شۆپەكەش لە میانی هەڵمەتی 16 رۆژی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بێت بۆ روبەروبونەوەی توندوتیژی بەكۆمەڵ.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تەئكیدیكردەوە ژنان پێگەی گرنگیان لە كۆمەڵگەی عێراقی هەیە و پارێزراون لە ڕوی یاسا و ئایینەوە، ئاماژەی بەوەشكرد بە شێوەك لە شێوەكان بەشێكی دیاریكراوی كۆمەڵگە كراونەتە ئامانج، ئەو پرسەش پێویستی بەوەیە یاساكان كارا و توند بكرێن.
حەلبوسی گرنگی هەمواری یاساكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رونكردەوە، لەگەڵ بەشداریپێكردنی دادگا؛ بۆ زامنكردنی رەخساندنی میكانیزمی فەرمی پاراستنی مافی ئەو ژنانەی روبەروی توندوتیژی بونەتەوە لە عێراق.