بەغداد – ا ه ع
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو چاوی كەوت بە وەفدێكی بەرەی توركمانی.
لەو بارەیەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) كەوتووە ڕایگەیاند، لە میانی دیدارەكەدا تاوتوێی پێكهێنانی حكومەت و بەرنامەی حكومەت و داخوازییەكانی هاوڵاتیان و بەرزكردنەوەی ئاستی سەرجەم كەرتەكان كراوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو تەئكیدیكردەوە توركمان پێكهاتەیەكی رەسەنی كۆمەڵگەی عێراقییە و شانازییان پێوەدەكەین و هەموو هەولێكی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ خزمەتكردنی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەرجەم پارێزگاكان بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە.
لای خۆیانەوە وەفدی بەرەی توركمانی پیرۆزباییان لە عەبدولمەهدی كرد بە بۆنەی راسپاردانی بۆ پێكهێنانی حكومەت و هیوای سەركەوتنیان بۆ خواست لە بەرێوەبردنی وڵات لە قۆناغی داهاتوودا.