بەغداد-ا ه ع
دەستەی نەزاهە ئەمڕۆ پێنجشەممە گەڕاندنەوەی پارەی ڕژێمی پێشوی لە لوبنان ڕاگەیاند كە لە بانكەكانی ئەو وڵاتە دانرابوو.
دەستەی نەزاهە ڕایگەیاند: بەهاوكاری تیمێكی هونەری بۆ هێنانەوەی پارە و دارایەكانی عێراق توانرا نزیكەی نیو ملیۆن دۆلاری ئەمریكی كە لەهەژماری بەڕێوبەری كۆمپانیایەكی پیشەسازی سەربازی سەر بە ڕژێمی پێشوو و هاوژینەكەی لەیەكێك لە بانكە لوبنانیەكان دانرابوو بگەڕێنێتەوە.
بەدواداچونی تیمەكە بەهاوكاری وەزارەتەكانی داد و دەرەوە و بەڵگە یاسایەكانی پاڵپشتی دۆسیەكە توانی ئەو بڕە پارەیە بخاتە سەر هەژماری عێراق كە پێكهاتووە لە سندوقی بەرەوپێشبردنی عێراق.
فەرمانگەكە ڕایگەیاند: بەڕێوبەری كۆمپانیاكە كە هەردوو بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهەردوو ژمارەی1483 و 1518ی ساڵی 2003 دەیگرێتەوە پابەندی بڕیاری یەكەمی وڵاتانی ئەندام دەكاتەوە كە پارەو دارایی یان هەر داهاتێكی ئابوری لە عێراقەوە برابێتە دەرەوە سڕ دەكرێت یان دەگوازرێتەوە بۆ سندوقی بەرەو پێشبردنی عیراق.