وەزارەتی نەوت داوا لە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان دەكات پرۆژەی نوێی راكێشانی بۆری نەوتی عێراق – توركیا جێبەجی بكەن

  • 24-12-2017, 00:00
  • +A -A

    بەغدا – ا ه ع وەزارەتی نەوت ئەمرۆ یەك شەممە داوای لە كۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانیەكان كرد بەشداری بكەن لە جێبەجێكردنی پرۆژەی نوێی راكێشانی بۆری نەوتی عێراق – توركیا كە نەوتی كەركوك لە رێی بۆرییەوە بۆ توركیا دەگوازێتەوە. لەوبارەیەوە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) ناردووە رایدەگەیەنێت كۆمپانیای پرۆژەكانی نەوت داوای لە كۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانییەكان كردوە بەشداری بكەن لە جێبەجێكردنی پرۆژەی راكێشانی بۆری نەوت بۆ گواستنەوەی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە بۆ سنوری توركیا. جیهاد وتیشی درێژی بۆرییە نەوتیەكە 350 كیلۆمەترە و دەتوانێت یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بگوازێتەوە. وتەبێژی وەزارەتی نەوت راشیگەیاند پرۆژەكە بە شێوەی وەبەرهێنان جێبەجێ دەكرێت بە جۆرێك كۆمپانیایەكی وەبەرهێن خەرجی پرۆژەكە دابین دەكات و دوای بەكارهێنانی بۆریە نەوتیەكانیش بۆ گواستنەوەی نەوت لە ماوەیەكی كاتیدا ئەو خەرجییەی بۆ دەگەرێنرێتەوە، ئاشكراشی دەكات رۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 2018 دوا وادەیە بۆ پێشكەشكردنی نامەی بەشداریكردن لە پرۆژەكەدا.