سەرۆك كۆمار: بەسڕە پایتەختی ئابوری عێراقە و ڕاگری و زامنی ژیانێكی شایستەیە

  • 9-10-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغداد – ا ه ع
    د. بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆمار، تەئكیدیكردەوە بابەتی بەسرە و كۆتایی ھێنان بە كۆژانەكانی یەكێكە لە كارە لەپێشینەكانی، و جەختیكردەوە بەسرە ڕاگری ئابووری عێراق و پێشكەوتن و ژیانێكی ئازادی شایستەیە بۆ سەرجەم عێراقییەكان و پێویستە گەشە بەو شارە بدرێت و داھاتووی بپارێزرێت.
    د. بەرھەم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە كە سەرۆكایەتی شاندەكەی بەسرە كرد و بەڕێوەبەرانی بەرێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكە و پەرلەمانتارەكانی خەڵكی ئەو پارێزگایە یاوەری شاندەكە بوون، و لەبەغدا لەگەڵ سەرۆك كۆمار كۆبوونەوە، ووتی" تاوتوێی ووردەكارییە مەیدانییەكانمان كرد بۆ ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی كێشە ھەنووكەییەكانی پەیوەست بە ئاوی خواردنەوەی بۆ خەڵكی بەسرە. ھەروەھا باسی رێكارە پێویستەكانمان كرد بۆ كاراكردنی یاسای بەسرە وەكو پایتەختی ئابووری عێراق، و ئەم یاسایە گرنگە نەك ھەر بۆ بەسرە، بەڵكو بۆ سەرجەم عێراق و ناوچەكەش."


    دكتۆر بەرھەم ساڵح ووتیشی " تەئكیدم كردەوە بۆ شاندەكە كە حكومەتی داھاتوو لە كارە ھەرە لەپێشینەكانی گرنگیدان دەبێت بە كۆژان و كێشەكانی ھاوڵاتیان لەبەسرە و ھیواكانیان بۆ ژیانێكی ئازادی شایستە و دابینكردنی خزمەتگوزاریی. لە ماوەی ڕابردوو دەستكەوتی گرنگمان بەدەستھێنا لە بەزاندنی داعش، خەڵكی بەسرە و پارێزگاكانی دیكە قوربانی زۆریان داوە بۆ تێكشكاندنی تیرۆر و ئێستا شایستەی ژیانێكی باشترن."