ئاریان كامیل
پۆستی سەرۆك كۆمار كە لەماوەی ڕابردودا بە پێكهاتەی كورد دراوە، لەسەرجەم خولەكاندا ئەو پۆستە بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بووە و دیارترین كەسایەتی سیاسیش كە سەرەتا ئەو پۆستەی پێسپێردرا، جەلال تاڵەبانی بوو، پۆستی سەرۆك كۆماریش كە تەنها پۆستێكی تەشریفاتییە، بەڵام كەسایەتی تاڵەبانی وایكردبوو قورسایی بۆ پۆستەكە دروستبكات و رۆڵی گەورە بگێرێت لە لێكنزیككردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان لەیەكتر، بەڵام بۆ خولی چوارەم كۆدەنگی لایەنە كوردییەكان بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەكی گونجاو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەدیناكرێت، یەكێتی و پارتیش هەر یەكەیان بە جیا كانیدیدی خۆی بۆ ئەو پۆسە هەیە، یەكێتی دكتۆر بەهەرم ساڵح-ی كاندیدكردووە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش دكتۆر فوئاد حسێن-ی كاندید كردوە، بەپێی سەرچاوەیەكی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش تا ئێستا 18 كەس ناوی خۆیان تۆماركردوە تا ببنە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت كە پێناچێت هیچ كام لە كاندیدەكان لە خولی یەكەمدا بتوانێت دەنگی پێویست بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەدەستبهێنێت.
گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی
رۆژی 19 ئەلول یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەدرێژایی ساڵانی دوای 2005 پۆستی سەرۆك كۆماری لایە، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە زۆرینەی دەنگ دكتۆر بەرهەم ساڵح كە پێشتر لە حكومەتی ناوەند چەندین پۆستی هەبووە، بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرد.
لە سەرەتای كۆبونەوەكەشدا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری گەڕانەوەی بەرهەم ساڵحی بۆ ریزەكانی یەكێتی پەسەند كرد كە ماوەی چەند مانگێكە ریزەكانی ئەو حزبە بەجێهێشتووە و هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری پێكهێنا و بە لیستێكی جیاواز لە یەكێتی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كرد.
دوای پەسەندكردنی گەڕانەوەشی بۆ ناو یەكێتی دیاریكردنی كاندیدی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خرایە دەنگدانەوە و 3 كەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردبوو ئەوانیش (بەرهەم ساڵح – محەمەد سابیر – لەتیف ڕەشید) ئەنجامەی هەڵبژاردنەكەش بەم جۆرە بوو:
بەرهەم ساڵح: 26 دەنگ
محەمەد سابیر: 15 دەنگ
لەتیف ڕەشید: 1 دەنگ
بەو پێیەش بەرهەم ساڵح بووە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەبەرامبەر گەڕانەوە و كاندیدبونیشی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناڕەزایی بەشێك لە لایەنگرانی یەكێتی و بەشێك لە لایەنگرانی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لێكەوتەوە.
كاندیدكردنی بەرهەم ساڵ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و كاردانەوەی پارتی
كاندیدكردنی تاك لایەنەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتیەوە، كاردانەوەی توندی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێكەوتەوە، كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو پارتی دەڵێت ئەو پۆستە مافی پارتییە و كاندیدی دەبێت، پێش كۆتاییهاتنی وادەی خۆتۆماركردنیش، پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی دكتۆر فوئاد حسێنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرد.
پێشتریش مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا، ڕایگەیاندبوو، پارتی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و بەرپرسی دەستەی كارگێری و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەوڵیان بۆ ئەوە بووە بە یەكگرتوویی و یەكبەرنامەیی بچنە بەغداد، بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش لەسەر یەك كاندید ڕێكبكەون.
وتیشی وەكو ئیستحقاقی هەڵبژاردن پۆستی سەرۆك كۆمار بەحەقی خۆمان دەزانین كە چەند جارێكە لە لایەن یەكێتیەوە كاندیدی بۆ دیاری كراوە، ئەم جارەیان لە لایەن پارتیەوە و بە كاندیدی پارتی پر بكرێتەوە، لەم بارەوەش پێشنیار و را گۆرینەوەمان هەبووە، بڕیار وابوو یەكێتی دوای گەرانەوەیان بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی ئاگادارمان بكەنەوە، بەڵام ئاگاداریان نەكردینەوە تا لە راگەیاندنەوەكانەوە بیستمان، كە دكتۆر بەرهەم ساڵح دوای گەرانەوەی بۆ ناو یەكێتی تاك لایانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەشدا وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، وەك پارتی ڕایدەگەیەنن پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێت لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت، بۆیە ئەوان وەك پارتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی دەبێت.
بەیاننامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و وەڵامی پارتی
دوای كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:
سەركردایەتی یەكێتیی بەمەبەستنی یەكخستنەوەی هێز و تواناكان و پاراستنی بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و خەڵكی كوردستان، پێشوازی لە نامەكەی د. بەرهەم ساڵح كرد بۆ هاتنەوەو یەكگرتنەوەی خۆی و هەڤاڵەكانی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
دواتر ئەنجومەنی سەركردایەتی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵحی وەكو كاندیدی (ی.ن.ك) دەستنیشان كرد بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.
لەبەرامبەردا پارتی دەڵێت بەرهەم ساڵح كاندیدی ئەوان نییە و دوپاتیدەكەنەوە كە بەدڵنیاییەوە كادیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت.
پێشتریش نووسینگەی د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار ئەو هەواڵانەی رەتكردوە گوایە بە فەرمی دكتۆر فوئاد مەعسوم خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردوەتەوە، لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت تا ئێستا د.فوئاد مەعسوم داواكاری فەرمی پێشكەش نەكردووە و چاوەڕوانی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێز و لایەنە كوردستانییەكان دەكات بۆ یەكلاكردنەوە ئەو پرسە، ئەوەش لە كاتێكدایە سەردار عەبدوڵا وەك كاندیدی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردوە.
ژمارەی كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار و كاندیدە سەربەخۆكان
چەند سەرچاوەیەكی تایبەت بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە(ا ه ع) ڕایەنگەیاند: 18 كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار مامەڵەی فەرمیان پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە.
ئەو سەرچاوانە ڕاشیانگەیاند: دوای تەوبوونی دەوامی فەرمی لە رۆژی 23ی ئەم مانگە مامەڵەی هیچ كەسێكی تریان وەرنەگرتووە.
بۆ یەكەمجاریش لە مێژووی عێراقدا ژنێك خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرد، لەوبارەیەوە
سروە عەبدولواحید كاندید سەربەخۆ ڕایگەیاند بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سروە عەبدولواحید ڕایگەیاند، بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن هیچ حزب و لایەنێكی سیاسییەوە پشتیوانی ناكرێت و وەك كەسایەتییەكی سیاسیی كورد و بێلایەن خۆی كاندید كردووە.
وتیشی لە رێگەی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت، و بەسەرجەم لایەنە سیاسییەكان بڵێت كە ژنیش دەتوانێت ئەو جۆرە پۆستانە وەربگرێت.
کۆمکاری عەرەبی پشتیوانی لهداواکاری عێراق دهكات