سه‌ردانی پزشكيان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان په‌يامێكى به‌هێزى دۆستايه‌تيى نێوان هه‌ردوولا

سیاسی
  • 12-09-2024, 14:33
  • +A -A

    هه‌ولێر -INA

    به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر، پێشوازيى له‌ مه‌سعوود پزشكيان، سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندى ياوه‌رى كرد.


    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ راگه‌یندراوێكدا كه‌ بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌  " نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر، پێشوازيى له‌ مه‌سعوود پزشكيان، سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندى ياوه‌رى كرد".


    بارزانی و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نيشان دا‌، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ پشتگيرى و هاوكاريى ئێران له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا ده‌ڕوانێت.


    هه‌روه‌ها لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك  كۆماری ئێران "خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كۆمارى ئيسلاميى ئێران به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت و وڵاته‌كه‌ى خوازياره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵياندا به‌ره‌وپێش ببات و گرفت و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى، نه‌هێڵن".


    بارزانی  و پزیشكانی "ستايشى په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ و له‌مێژينه‌ى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌كانى سياسى، كۆمه‌ڵايه‌تى و كولتووريدا كرد" ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ "سه‌رۆك وه‌زيران و جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، باسيان له‌ ئاستى ئێستاى په‌يوه‌نديى ئابوورى و ئاڵۆگۆڕى بازرگانى و چۆنيه‌تيى فراوانكردنيان و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرد".


    هه‌ر به‌ گوێری راگه‌یندراوه‌كه‌ له‌ كۆبۆنه‌وه‌كه‌دا " چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و باسيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ كرايه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانى دراوسێ و به‌ ته‌واوى پابه‌ندى‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى عێراق و ئێرانه‌".


    دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ به‌شداريى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندى ياوه‌رى، ديدارێكيان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانى كوردستان ئه‌نجام دا.

    تيايدا باس له‌ بايه‌خ و گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و ده‌وڵه‌مه‌نديى كۆمه‌ڵگه‌ فره‌ئايين و فره‌نه‌ته‌وه‌كان كرا و هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ ئاشتى، پێكه‌وه‌ژيان، ته‌بايى و برايه‌تيى نێوان گه‌لانى ناوچه‌كه‌ و ته‌واوى پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.