هەولێر - INA
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشكیان كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنییەوە بە سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێاقی ناردووە، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2024/7/10 ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە مەسعوود پزیشكیان كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنییەوە بە سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و بەپرسیاریەتییەكەیاندا بۆ خواست.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی و خواستی هەرێمی كوردستان و گەلەكەی دووپاتكردەوە بۆ برەودان بە پەیوەندیی دۆستانەی لەمێژینە و هاریكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتی باش كە ببێتە هۆكاری بەرەوپێشچونی هەردوو گەل و وڵات.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دەربڕی لەوەی كە سەركردایەتی سەرۆك پزیشكیان دەبێتە هۆی قووڵكردنەوەی دۆستایەتیی هەردوولا و وەك لە دوا دیداردا لەگەڵ جەنابی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی و بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، پەرۆشیی هەرێمی كوردستانی نیشان دا بۆ هاریكاریی هاوبەش لەپێناو داهاتوویەكی باشتر بۆ هەردوو وڵات، هەروەها بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی هەڵبژێردراوی كۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای خۆشحاڵی، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندی و پیرۆزباییی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و جەختی لە خواستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و دێرینی گەلانی ئێران و كۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كرد.