قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ باڵیۆزی هندستان و كونسوڵی گشتی بەریتانیا كۆبووەوە

سیاسی
  • 25-01-2024, 19:38
  • +A -A

    سلێمانی - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە جیا لەگەڵ باڵیۆزی هندستان و كونسوڵی گشتی بەریتانیا كۆبووەوە.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە پەراوێزی كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كارسازی و داهێنان، قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ هەر یەكە لە پراشانت پیسێ، باڵیۆزی هندستان لە عێراق و جەیمس گۆڵدمان كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم كۆبووەوە.
    لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ باڵیۆزی هیندستان كە تیایدا مادان گۆپاڵ كونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی وڵاتی هندستانی بە نمونەیەكی سەركەوتوو لە بوارەكانی كارسازی و داهێناندا وەسف كرد و داوایكرد وەكچۆن لە ماوەی رابردوودا هندستان لە بواری تواناسازی گەنجان و فەرمانبەراندا هاوكاری هەرێمی كردوە، بەهەمان شێوە لە بوارەكانی كارسازی و داهێنانیشدا هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن.
    باڵیۆزی هندستان بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە كارێكی گرنگ و پێویست زانی و ئامادەیی وڵاتەكەشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك چ لەرووی گواستنەوەی ئەزمونی وڵاتەكەیان بۆ كارسازان و گەنجانی داهێنەر و چ لەڕووی بەردەوامیدان بە بەرنامەی تواناسازی گەنجانی هەرێم لە بوارە جیاوازەكاندا.
    هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ كونسوڵی گشتیی بەریتانیا، هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە گرنگیی كۆڕبەندەكە كرد. قوباد تاڵەبانی داوایكرد بەریتانیا وەكچۆن لە زۆر بواردا هاوكاری هەرێمی كوردستانی كردوە، لە بواری پێشخستن و پەرەپێدان بە كارسازی و داهێنانیش هاوكاربن، چونكە ئەم پڕۆژەیە بۆ داهاتووی هەرێم و بە تایبەتیئش بۆ داهاتووی گەنجانی داهێنەر و خاوەنكارە گەنجەكان گرنگە.