هەولێر/INA
ئەمڕۆ چوارشەممە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی،لەگەڵ وەفدێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کۆبووەوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دەینا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە و چۆنییەتی بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا خواستی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەردەوامی هاوکاری و هاوپەیمانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رۆڵی هێزی پێشمەرگەشی لە شەڕی دژی داعشدا بەرز نرخاند.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند هاوپەیمانی و هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا لە رابردوودا دەستکەوتی گەورەی لێکەوتووەتەوە و هیوای خواست لە داهاتووشدا ئەم هاوپەیمانییە بەهێزتر و پتەوتریش ببێت. هەردوولاش هاوڕابوون کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا پێویستە لە داهاتوودا هەماهەنگییەکان زیاتر بکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کرا. وەفدەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا داوایانکرد پرۆسەکە خێراتر بکرێت چونکە ئەمریکا خواستی ئەوەیە کە هاوکارییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئێمە ئامادەین کە پرۆسەکە خێراتر بکرێت و جەختیشی کردەوە کە نابێت ناکۆکی سیاسی کاریگەری هەبێت لەسەر بەردەوامی چاکسازییەکان. ئاماژەی بەوەشکرد پێویستە بە زووترین کات وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت تا لەلایەکەوە سەرپەرشتی وەزارەتەکە و پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو لێکتێگەیشتنە جێبەجێ بکات کە پێشتر لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا ئیمزا کراوە.