بەغداد - INA
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران موحسین مەندەلاوی، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە هەڵمەتی (بەغداد لە چاوماندا) دوای جەژنی قوربان بەری كەرخیش دەگرێتەوە، هاوكات بەڵێنیدا لیژنەیەك پێكبهێنێت بۆ خێراكردنی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ناوچەی كەفائات سەیدییە لە بەغداد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران موحسین مەندەلاوی، بە یاوەری ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە ئەمانەتی بەغداد گەشتێكی مەیدانی لە ناوچەی كەفائات سەیدییە ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە میانەی گەشتەكەیدا مەندەلاوی بە كورتی لە واقیعی ناوچەكە و پێداویستییەكانی بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان ئاگاداركرایەوە، هەروەها گوێی لە داواكارییەكانی شێخ و كەسایەتییە دیارەكان و خەڵكەكەی گرت.
جەختیكردەوە: كە هەڵمەتی " بەغداد لە چاوماندا " كە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی كرد، لەدوای جەژنی قوربانەوە، بەری كەرخ و بەتایبەت ناوچەی كەفائات سەیدییە بۆ گۆڕینی واقیعی ناوچەكە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە دەگرێتەوە ، وەك باشكردنی كارەبا و نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی ئاوەڕۆ و رێگاكانی.
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵێنیدا لیژنەیەك لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكبهێنێت بۆ پێشكەشكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە خەڵكی ناوچەكە پێویستیانە بە خێرایی.