په‌یامى نێچیرڤان بارزانى له‌ یادى شۆڕشى گوڵاندا

سیاسی
  • 26-05-2023, 10:22
  • +A -A

    هەولێر/INA 
    ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی،لە یادی شۆرەشی گولان پەیامێک بەڵاوکردەوە.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،له‌ یادى پیرۆزى شۆڕشى 26ى گوڵاندا، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ شه‌هیدانى نه‌مر و ئه‌و قاره‌مانانه‌ به‌ بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ له‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خت و ئاڵۆزه‌دا بڵێسه‌ى هه‌ستانه‌وه‌ و داگیرسانه‌وه‌ى چراى شۆڕش بوون و دووباره‌ ئومێد و هیواى ئازادییان له‌ دڵى گه‌لى كوردستاندا زیندوو كرده‌وه‌.
    شۆڕشى گوڵان وه‌ك درێژه‌پێده‌رى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول به‌ ڕابه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر، سه‌لمێنه‌رى ئه‌و‌ ڕاستییه‌ بوو كه‌ هیچ هێز و پیلانێك هه‌ر چه‌نده‌ گه‌وره‌ بن، ناتوانن ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ ئازادى بشكێنن. بۆیه‌ به‌وپه‌ڕى ئاماده‌یى بۆ قوربانیدان، گه‌لى كوردستان له‌ شۆڕشى گوڵاندا دووباره‌ هه‌ستایه‌وه‌ سه‌رپێ تا له‌ ڕاپه‌ڕینى ئازارى 1991دا به‌ هه‌موو هێز و پێكهاته‌كانییه‌وه‌ تاجى‌ سه‌ركه‌وتنى له‌سه‌رنا.
    با یادى شۆڕشى گوڵان بكه‌ینه‌ هه‌وێنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان، پێكه‌وه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و تێپه‌راندنى سه‌ختییه‌كان بكه‌ین تا بتوانین فیدراڵى و ده‌سكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین و به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێین.
    به‌رز و شكۆدار بێت یادى شۆڕشى گوڵان. دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان و سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان.