هەولێر/ INA
ئەمڕۆ ڕۆژی سێشەممە مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەچێس سۆفی ئەندامی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە ،ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەچێس شازادە سۆفی هاوسەری میر ئیدواردی دەچی ئەدنبەرەی برای شا چارلسی شای بەریتانیا کرد،لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کونسولی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد و سوپاسی بەردەوامیی هاریکاریی بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر کرد.
دەچێسی ئەدنبرە ، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی و ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە برەودانە بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان و نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر یان ، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دووچاری شەڕ و نائارامی بوونەتەوە ، لەوانە ئافرەتان و منداڵانی ئێزیدی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش . لەمبارەیەوە جەخت لە پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان کرایەوە.
سەرۆکی حکومەت ، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پەرەپێدانی بنەماکانی یەکسانی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەك لە دژی ئافرەتان دووپات کردەوە.
دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و باشرکردنی کوالیتی خوێندن و دەستەبەرکردنی خوێندن بۆ ئافرەتان و منداڵان ، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو