بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی ئابووری بڕیاریدا هاوردەكردنی 9 بەروبوومی كشتوكاڵی بەهۆی بەردەستبوونی ناوخۆییەوە ڕابگیرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەحمەد سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە سەرۆكایەتیی پانزەیەمین خولی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابوری كرد بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری پلاندانان و وەزیرانی دارایی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی كۆمسیۆنی وەبەرهێنانی نیشتمانی، ڕاوێژكارانی سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و یاسایی و سەرۆكی كۆمیسیۆنی پارە كاغەزەكان بە وەكالەت و ئاماژەی بەوەشكردووە ئەنجومەنەكە باسی لەو بڕگانە كرد كە لە بەرنامەی كارەكەیدا بوون و بڕیاری گونجاوی لەبارەیانەوە داوە.
ئاماژەی بەوەشكرد : ئەنجومەن بڕیاریدا لەسەر داوای وەزارەتی كشتوكاڵ، هاوردەكردنی بەروبوومی (تەماتە، پەتاتە، خەیار، پیاز، كولەكە، باینجان، شوتی،كاڵەك ، بامیە) ڕابگیرێت بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆیی بە بڕی پێویست بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕی ناوخۆیی و تا ئاگاداركردنەوەی زیاتر.
ڕایگەیاند : ئەنجومەن میوانداری بەڕێوەبەرە گشتییەكانی بانكی ڕافیدەین و ڕەشید و بەڕێوەبەری گشتی بەشی كارگێڕی لە كۆمسیۆنی وەبەرهێنانی نیشتمانی كرد بۆ گوێگرتن لە ئاستەنگ و كێشەكانی بەردەم بەرەوپێشچوونی كارەكان لە پڕۆژەی بەسمایە و ئەو میكانیزمی قەرزكردن و پارەدان بۆ سودمەندانی ئەم پڕۆژەیە و ئاماژەی بەوەشكرد :حساباتی كۆتایی كۆماری عێراق گفتوگۆی لەسەر كرا بۆ ساڵی 2015 و پێشنیاری كرد كە پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت.