سەرۆك وەزیران: درێغی ناكەین لە لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و دۆلاریش بە نرخی فەرمی جێگیر دەكرێت

سیاسی
  • 4-05-2023, 20:55
  • +A -A

    بەغداد - INA
    سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دووپاتیكردەوە: كە حكومەت درێغی ناكات لە لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران، و هاوكات ئاماژەی بەوەدا: كە دۆلار بە نرخی فەرمی جێگیر دەكرێت.
    سودانی لە میانی كارەكانی كۆڕبەندی عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی كە لە بەغدا بەڕێوەچوو و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەی بوو، وتی: گفتوگۆی نێوان بڕیاربەدەستانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بابەتێكی بنەڕەتییە و دەبێت بەردەوام بێت، وتیشی: هەوڵێكی بەكۆمەڵی حكومی و سیاسی هەیە كە سەقامگیری سیاسی دوور لە گرژییەكان دروستكردووە.
    ئاماژەی بەوەشكرد: پێش سەقامگیری كارەكانی حكومەت گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەكان بوو كە وەرەقەی ڕێككەوتنی سیاسییان بەرهەمهێناوە، ڕوونیشیكردەوە: كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەر دوو هەفتە جارێك بەردەوامن، كە تێیدا گفتوگۆ و دیالۆگ بەشێوەی بنیاتنەر ئەنجام دەدرێت.
    تەئكیدیشیكردەوە: حكومەت لە ماوەی 6 مانگی كاركردنیدا، پووچەڵبوونەوەی پێشوەختە زانینەكانی سەلماند و ئەوە گەورەترین تەحەدا بوو كە هەر لەسەرەتاوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، وتیشی: بەدەستهێنانی متمانەی خەڵك بە ئیعتباری كارەكانی حكومەت و جێبەجێكردنی ئەوەی بەڵێنی دابوو بەدەست دێت.
    سودانی ڕایگەیاند: ئێمە 31%ی ئەو بەرنامەیەمان جێبەجێكردووە كە لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا لەسەری ڕێككەوتوون لە كۆی 80 بڕگەی پابەندبوونەكانی حكومەت لە پرۆگرامی وەزاریدا، وتیشی: هیچ سەركەوتنێك لە كاری حكومەتدا بەبێ كاری تیمی بەدواداچوونی ورد بەدەست ناهێنرێت.
    ئاماژەی بەوەشكرد: تیمی حكومەت بەپەرۆش و دڵسۆزن و شەو و ڕۆژ كاردەكەن، كارەكانیش بە ئاسانی لەگەڵ وەزیر و پارێزگارەكاندا بەڕێوەدەچن، و ڕوونیشیكردەوە: حكومەتەكانی پێشوو بەڕێوەبەری گشتییان بەسەر وەزیرەكاندا سەپاندووە.
    سودانی جەختی لەوەكردەوە: هەڵسەنگاندنی حكومەت لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانەوە دەستیپێكردووە بۆ ماوەی 3 مانگ، و 6 مانگ دەبێت بۆ بریكار و ڕاوێژكار و پارێزگارەكان.
    راشیگەیاند: هەندێك لەو بابەتانەی سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی وەزیرەكان بڵاودەكرێنەوە نادروستن، و ناتوانرێت پێش پەسەندكردنی بودجە هەڵسەنگاندن بۆ وەزیرێك بكرێت.
    ئاماژەی بەوەشكرد: هەڵسەنگاندنی وەزیرەكان لە ماوەیەكی دواتردا ئەنجام دەدرێت و هەڵنەوەشێنراوەتەوە، وتیشی: گەندەڵی هەڕەشە لە هەموو پلان و بەرنامەكانی حكومەت دەكات ئەگەر كۆتایی پێنەهێنرێت.
    سودانی درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی: حكومەت درێغی ناكات لە لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران، هەروەها هێڵی سووریشمان نییە، ڕوونیشیكردەوە: دەستمان كرد بە پێداچوونەوە بەو دامودەزگایانەی كە پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە هەیە و گرفت لە كارەكانیاندا هەبوو.
    وتیشی: گەرانەوەی پارە تاڵانكراوەكان و كەسانی داواكراو كارێكی جەوهەرییە لە شەڕی گەندەڵیدا.
    سەبارەت بە كاری بانكەكان، سودانی وتی: زۆربەی بانكەكان بەشداری لە پرۆسەی گەشەپێداندا ناكەن، و بەكارهێنانی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی كۆتایی بە بازرگانی شێواوی هێنا، و ئەگەر ڕێوشوێنەكانی حكومەت لەگەڵ بانكی ناوەندی نەبوایە، ئێمە بەهۆی ستانداردەكانی پابەندبوونەوە نەیدەتوانی ڕووبەڕووی قەیرانی نرخی ئاڵوگۆڕ ببێتەوەو جەختی لەوەشكردەوە: كە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە نرخی فەرمی جێگیردەكرێت.
    هەروەها سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و غاز، سەرۆك وەزیران رایگەیاند: عێراق ڕۆژانە هەزار و 200 ملیۆن پێ‌ سێجا غاز دەسوتێنێت و نزیكەی هەزار ملیۆن پێ‌ سێجا غازی ئێرانی هاوردە دەكات، بڕیاریشە كۆتایی بەم كارە بهێنێت و پێداویستییەكانی بە تەواوی دابین بكات، ئەمەش ئەوەیە كە خولی پێنجەمی مۆڵەتدان بەرەوئەوە دەڕوات.
    ڕوونیشیكردەوە: خولی شەشەمی مۆڵەتدان بریتی دەبێت لە بلۆكی گەڕان بەدوای غاز لە بیابانەكانی ئەنبار و نەجەفی ئەشرەف.
    سودانی لە درێژەی قسەكانیدا رایگەیاند: پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی لایەنی تەكنیكییەوە دواكەوتووە، چونكە لایەنی توركی ئاگاداری كردینەوە لە پێویستی تەواوكردنی پشكنینی بۆری هەناردەكردن و ڕادەی شایستەیی دوای بوومەلەرزەكەی ئەم دواییە.
    جەختیشی كردەوە: دەمانەوێت موستڵەحی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان جێبهێڵین و ئاواتەخوازین باس لە دەرفەتە هاوبەشەكان بكەین، وتیشی: مووچەی هەرێم ئەركی حكومەتی فیدراڵییە، بەبێ گوێدانە نەوت و هەناردەكردنی. 
    سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ناوچەكە، سودانی ڕایگەیاند: پێشكەوتنی پەیوەندییەكانی سعودیە و ئێران پاڵپشتی سەقامگیری ناوچەكە دەكات، عێراقیش یەكێكە لە سوودمەندەكان، هەروەها كارە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و سعودیە لە بەرژەوەندی تەواوی ناوچەكەدایە.