هەولێر _INA
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی، لەگەڵ پاناگیوتیس پیکرامینۆس، جێگری سەرۆک وەزیرانی یۆنان کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیان کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،لەکۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی 28ی نیسانی 2023 لەپەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دیڵفی لە یۆنان بەڕێوەچوو، باس لە دواپێشهات و گۆڕانکارییە ئابوری و سیاسییەکان لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.
جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم، بە هاوتا یۆنانییەکەی راگەیاند: کارەکانی ئەم کۆڕبەندە لەکاتێکدایە کە رکابەرییە جیهانییەکان لەسەر ئاستی ئابوری و سیاسی بەرەو زیادبوون دەچێت، بۆیە ئەم کۆڕبەندە وەکو پێویستییەک کاریگەری زۆر باشی دەبێت بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی گرفتە هەنووکەییەکان.
لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان کرا و جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی سودوەرگرتنی هەرێم لە ئەزمونی پێشکەوتوی یۆنان لە بوارە جیاجیاکان و هەنگاوەکانی چاکسازی لە سیستمی حکومڕانیدا.