بەغداد - INA
ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پەرلەمانتار محەمەد حەسەن شەمەری، ئەمڕۆ شەممە، تەئكیدیكردەوە: كە پەرلەمان تێبینی پەرلەمانتارانی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 وەرگرتووە، و وتیشی: دەیەوێت تێبینییەكان بنێرێت بۆ حكومەت.
شەمەری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: پەرلەمانتاران هەموو تێبینییەكانیان لەسەر بودجە پێشكەش كرد دوای تەواوبوونی خوێندنەوەی دووەم، و ئێستاش لە لیژنەی دارایی پەرلەمان كار دەكرێت بۆ تەواوكردنی هەموو تێبینی و هەمواركردنەوە پێشنیاركراوەكان و ناردنیان بۆ حكومەت.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەوانەیە خشتەی تێبینییەكان تا كۆتایی مانگی پێنجی داهاتوو بخایەنێت و دواتر حكومەت پێداچوونەوە بەو تێبینییانە دەكات پێش ئەوەی دەقی بودجە بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان وەك ئامادەكارییەك بۆ دەنگدان.
وتیشی: پەرلەمان تێبینی هەیە لەسەر بودجە، لەوانە نەبوونی تەرخانكردن بۆ پارێزگاكان كە تەنها دوو ملیار و نیو دینارە، هەروەها ئەو ڕاستییەی كە یاسای پشتیوانی فریاكەوتن 8 بۆ 10 ترلیۆن دیناری بۆ پارێزگاكان تەرخانكردووە و ئێمە پێمانوایە حكومەت چاوەڕێی خەرجكردنی دەكات پێش ئەوەی بڕی دیكە تەرخان بكات.
ئاشكراشیكرد: هەندێك تێبینی دیكە هەیە سەبارەت بە تەرخانكردنی دامەزراوەی شەهیدان، كە ئەركەكانی فراوانتر كردووە و پێمانوایە پێویستە زیاد بكرێت، وتیشی: پەرلەمانتاران تێبینییان هەیە سەبارەت بە كۆی گشتی كورتهێنانی 64 ملیار و دەبێت بە گواستنەوەی هەندێك لە بابەتەكان كەم بكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: باشترین ڕێگا بۆ زیادكردنی بەرهەمی نەوت و چارەسەركردنی كورتهێنان ئەوەیە كە دووبارە دانوستان بكەینەوە بۆ گەڕاندنەوەی پشكی عێراق كە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی پێشووەوە كەمكرایەوە، ئێمە دان بەوەدا دەنێین كە كێشەكە قورسە و جەخت دەكەینەوە كە حكومەت پێویستە بەردەوام بێت لە داواكردنی مافەكان لە ئۆپێك، چونكە توانا و بەشی عێراق دەبێت لەوەی ئێستا گەورەتر بێت.