بەغداد - INA
سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە، پێشوازی لەژمارەیەك ماڵباتی شەهیدە قارەمانەكان كرد و دووپاتیكردەوە: شەهیدان لە ویژدانی هەموو عێراقییەكاندا دەژین.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ شەممە، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، پێشوازی لەژمارەیەك ماڵباتی شەهیدە قارەمانەكانی عێراق كرد، كەپێهاتبوون لەماڵباتی شەهیدانی قارەمان (عەلی ئەلنەداوی و حارس ئەلسودانی و ئەبو بەكر ئەلسامەرایی و ویسام ئەلتكریتی و مستەفا ئەلعەزاری و هێمای برایەتی عوسمان ئەلعوبەیدی).
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: سەرۆك وەزیران بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پیرۆزبایی ئاراستەی ماڵباتی شەهیدان كرد و ئازایەتی و قوربانیدانی نەوەكانیان بەبیرهێنایەوە كەخاكی عێراق بەخوێنیان ئاوداوە و سەركەوتنێكی دێرینیان تۆماركردووە و ئارامی بۆ وڵات و سەقامگیری بۆ گەلەكەی دابینكردووە. هەروەها دووپاتی كردەوە كەشەهیدان لەناو ویژدانی هەموو عێراقییەكان دەژین و ئەركی دەوڵەتە ڕێز لەقوربانیدانیان بگرێت و سەرپەرشتی ماڵباتەكانیان بكات.