سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌خوانێك بۆ مامۆستايانى ئايينى ساز ده‌كات

سیاسی
  • 18-04-2023, 22:22
  • +A -A

    هەولێر _INA
    ئەمڕۆ ڕۆژی سێشەممە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌خوانێك بۆ مامۆستايانى ئايينى سازکرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندوە، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ميواندارى و ئێواره‌خوانێكى بۆ ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى ئايينى به‌ نوێنه‌رايه‌تيى سه‌رجه‌م مامۆستايانى ئاينيى كوردستان ڕێكخست.
    له‌ ئێواره‌خوانه‌كه‌دا كه‌ مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمی کوردستان و وه‌زيرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينى ئاماده‌ بوون، سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆكى يه‌كێتيى زانايانى ئايينيى كوردستان به‌ ناوى ئاماده‌بووانه‌وه‌ سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانى بۆ چاره‌سه‌رى ناكۆكييه‌ ناوخۆييه‌كان و يه‌كڕيزى و ئارامیی سياسى، هيواشى خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ى جه‌نابيان ببێته مايه‌ى خاوكردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان و كۆتاييهێنانى يه‌كجارى به‌ ناكۆكييه‌كان.
    لای خۆیه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ستايشى ڕۆڵى مامۆستايانى ئايينى له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشياریى ئايينيى ميانڕه‌و و بڵاوكردنه‌وه‌ى گيانى خێر و چاكه‌خوازى و پاراستنى خه‌ڵكى كوردستان له‌ كاريگه‌ريى بيرى توندڕۆيى، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ مامۆستايان له‌ شۆڕشه‌کانى ڕزگاريخوازى گه‌لى كوردستاندا هه‌ميشه‌ له‌ سه‌نگه‌رى داكۆكيكردن له‌ مافى ڕه‌واى گه‌له‌كه‌ياندا بوون و ئايين و نيشتمانپه‌روه‌رييان بێکه‌وه‌ گرێداوه‌. به‌ڕێزيان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ به‌ گه‌شتبينييه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ ناوخۆيى و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕوانين، چونكه‌ بێجگه‌ له‌ پێكهاتن هيچ بژارده‌يه‌كى ديكه‌ له‌به‌رده‌م لايه‌نه‌كاندا نييه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غداش له‌سه‌ر ڕێگه‌ى رێككه‌وتن و له‌يه‌كگه‌يشتنين.
     له‌ به‌رده‌واميى قسه‌كانيدا داواى له‌ مامۆستايان كرد كه‌ سڵاو و ڕێزى بگه‌يه‌نن به‌ يه‌ك به‌ يه‌كى مامۆستايانى ئايينيى كوردستان و هيواى سه‌ركه‌وتن و سه‌لامه‌تى بۆ هه‌موو لايه‌ك خواست و جه‌ژنه‌ پيرۆزه‌ى پێشكه‌ش كردن.
    دواى به‌ربانگكردنه‌وه‌، له‌ كه‌شێكى ئايينيدا ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى ئايينى چه‌ند پارچه‌ شيعر و سرووتى عيرفانييان خوێنده‌وه‌.