عەبدوڵا داوای‌ كاراكردنی‌ ماددە دەستوری‌ و یاسا فیدراڵییەكان دەكات بۆ قەرەبوكردنەوەی‌ كەسوكاری‌ شەهیدان و ئەنفالكراوان

سیاسی
  • 14-04-2023, 16:55
  • +A -A

     بەغداد - INA

    شاخەوان عەبدوڵا جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران لە ساڵیادی ئەنفالدا، داوای‌ كاراكردنی‌ ماددە دەستوری‌ و یاسا فیدراڵیەكان دەكات بۆ قەرەبوكردنەوەی‌ كەسوكاری‌ شەهیدان و ئەنفالكراوان بەشێوەی‌ ماددی‌ و مەعنەوی‌.
    عەبدوڵا لە یادی تاوانی ئەنفالدا لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: تاوانەكانی‌ ئەنفال كە ‌رژێمی‌ بەعسی‌ لەناوچوو لەساڵی‌ 1988دەرهەق بە هاوڵاتیانی‌ سیڤڵی‌ بێتاوانی‌ كورد ئەنجامیدا، بەمەترسیدارین و قێزەونترین لاپەڕەكانی‌ كۆمەڵكوژی‌ حكومی‌ دادەنرێت كە بەچەند قۆناغێك سوپاو هێزەكانی‌ رژێم بەشداری راستەوخۆیان‌ تیاداكرد. 
    راشیگەیاند:‌ ئەوەی خەڵكی كوردستان ڕوبەڕوی بوەوە، هەوڵێكی‌ نائومێدانەی‌ بەعسی‌ گۆڕبەگۆڕبوو بۆ سڕینەوەی‌ ناسنامەی‌ نەتەوەیی‌ كوردو، وێرانكردنی‌ لادێ‌ و ناوچەكانی‌ كوردستان و كوشتنی‌ هەزاران مناڵ و ئافرەت و پیر تیایدا، وتیشی: ‌ تاوانەكانی‌ ئەنفال ‌بووە هۆی‌ شەهیدكردنی‌ نزیكەی‌ (182,000) سەدو هەشتا هەزار هاوڵاتی كوردی‌ بێتاوان.
    جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران لەم بۆنە پڕئازارەدا، داوایكرد‌ ماددە دەستووری و یاسا فیدراڵیەكان كارابكرێن بۆ قەرەبوكردنەوەی‌ كەسوكاری‌ شەهیدان و ئەنفالكراوان بەشێوەی‌ ماددی‌ و مەعنەوی‌ و بایەخدان پیان بەهاوكاری‌ نێوان حكومەتی‌ فیدراڵی‌ و حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ‌ نۆژەنكردنەوەو پەرەپێدانی‌ ئەو ناوچانەی‌ لەشاڵاوەكانی ئەنفالدا زیانیان بەركەوتووەو سڕینەوەی شوێنەواری‌ ئەو تاوانانە.