هەولێر _INA
قوباد تاڵەبانی: لەڕووی دیپلۆماسییەوە لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندوە،قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بریتانیا لە هەرێم و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە 12ی نیسانی 2023 بەڕێوەچوو، قسە لەسەر کێشەی وەستانی بەشێک لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی کێشەکەی بۆ کونسوڵی گشتی بریتانیا روونکردەوە و رایگەیاند هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوامە و گەشبینی خۆشی دەربڕی هەوڵەکان ئەنجامی دڵخۆشکەریان هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەردوولا بە تەواوی پابەندی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بن، هەر لایەک پابەند نەبێت رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێت و زەرەرمەندی سەرەکی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەش هاوڵاتیانی کوردستان دەبن.