سەرۆك وەزیران: لیژنەكانی عێراق و توركیا تاوتوێی دابینكردنی پشكی ئاوی دادپەروەرانە دەكەن

سیاسی
  • 22-03-2023, 18:23
  • +A -A

    بەغداد - INA
    محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدی لەسەر هەوڵ و كۆششی حكومەت بۆ دابینكردنی ئاسانكاری بۆ پێدانی ڤیزای هاتنەناوەوە بۆ عێراق بۆ بازرگان و وەبەرهێنەرانی توركیا كردەوە، و هاوكات ئاماژەی بەوەكرد: كە دۆسیەی ئاو لەڕێگەی لیژنە هاوبەشەكانەوە تاوتوێ دەكرێت بۆ پاراستنی پشكی دادپەروەرانە و لۆژیكیانە.
    سەرۆك وەزیران لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی عێراقیەی هەواڵی كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: ئەمڕۆ دیدارێكی فراوانمان لەگەڵ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی توركیا ئەنجامدا و زۆربەی ئامادەبوان لە عێراقن و ماوەیەكی زۆرە كاردەكەن و گوێمان لە چەند بەربەستێك گرت كە ڕێگرن لە كارەكانیان و هاوكات توانا و بوارەكانی كاری كۆمپانیاكانیان خستەڕوو.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لە ڕێگەی ئەم پێداچوونەوەیەوە بۆمان دەركەوت كە زۆربەی ئەو تایبەتمەندیانە و ئەو كارانە دەكەونە ناو ئەولەویاتی حكومەتەوە بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاریەكان و هەمەجۆركردنی ئابووری بە كاراكردنی پیشەسازی نیشتمانی و كشتوكاڵ و پرۆژەی ڕێگاوبان و گواستنەوەی وزە و نەخۆشخانەكان.
    وتیشی: حكومەت پابەندە بە لابردنی هەموو ئاستەنگەكان و رامانگەیاند وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی داوە بە باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە و كونسوڵخانەكانی لە ئیستەنبووڵ و غازی عەنتاب بۆ ئاسانكاری بەمەبەستی پێدانی ڤیزای هاتنەناوەوە، و ئێمە تاوتوێی دابینكردنی ئاسانكاری زیاتر دەكەین سەبارەت بە گواستنەوەی دارایی لە ڕێگەی بانكە ناوخۆیی و بیانیەكانەوە كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە باوەڕپێكراون.
    رونیشیكردەوە: ئێستا وتەكان دوو بەشن: یەكەمیان پێدانی ڤیزای چوونەژوورەوەیە بە وەبەرهێنەران و ئێمە پەرۆشین ئاسانكاری زیاتر بكەین و دووەمیشیان پەیوەندی بە كاری توركیاوە هەیە و ئەمەش دەكەوێتە سەر ڕەزامەندی وەزارەتەكانی كار و ناوخۆ و میكانیزمیش هەیە بۆ ئاسانكاری بۆ پێدانی ڤیزا، بۆ عێراقییەكانیش لە پێدانی ڤیزا لەلایەن دەوڵەتی توركەوە لە زۆربەی پارێزگاكاندا كۆمپانیا هەیە بۆ پێدانی ڕەزامەندی لە ڕێگەی میكانیزمێكی كارپێكراوەوە.
    ئاماژەی بەوەشدا: كە عێراق ئەمڕۆ جددییە لەفراوانكردن و پەرەپێدانی لایەنەكانی هەماهەنگی لەگەڵ توركیا و لەو سەردانەشدا گفتوگۆی جددی و پڕ بەرهەممان ئەنجامدا، ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕێگای پەرەپێدان یەكێكە لەگرنگترین بەرهەمەكانی ئەم سەردانە و پڕۆژەیەكی گرنگە نەك تەنیا بۆ ناوچەكە بەڵكو بۆ هەموو جیهان.
    سەبارەت بە دۆسیەی ئاو، سودانی جەختی كردەوە: كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڕیارێكی گرنگی داوە لەسەر زیادكردنی ئاو كە بەشداری دەكات لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگاكان و ئەم دۆسیەیە دەكەوێتە ژێر خوێندنەوەی تەكنیكی و ئاڵوگۆڕی بۆچونی لیژنە هاوبەشەكانەوە بۆ پاراستنی پشكی دادپەروەرانە بۆ گەیاندنی ئاو بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور.