سلێمانی _INA
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبووەوە و لەبارەی رەوشی دادوەری لە هەرێمی کوردستان و عێراق و چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا لەڕووی دادوەرییەوە گفتوگۆیان كرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاند ،لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 15ی مارسی 2023 لە سلێمانی بەڕێوەچوو و تیایدا جێگر و ژمارەیەک لە ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە و ژمارەیەک لە دادوەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییە دادوەرییەکانی نێوان هەرێم و دەسەڵاتی فیدراڵی و بە تایبەتیش لەسەر گواستنەوەی ئەزمون و دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر لەنێوان ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق جەخت کرایەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر رادەستکردنی ئەو داواکراوانەی لەنێوان هەرێم و بەغداد هەن و هێشتا دەستگیر نەکراون و بەپێویست زانرا لەمبارەیەوە رێوشوێنی گونجاوتر بگیرێتەبەر بۆ هەماهەنگی زیاتر و نابێت هیچ لایەک رێگری دروست بکات لەبەردەم ئاڵوگۆڕکردنی داواکراوان.
هەردوولاش هاوڕابوون کە شکۆی دەوڵەت لە پاراستنی شکۆ و سەروەری دەسەڵاتی دادوەریدایە و نابێت رێگە بە هیچ جۆرە دەستێوەردانێکی سیاسی لە دەسەڵاتی دادوەری بدرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی حکومڕانی لە عێراق و کوردستان. قوباد تاڵەبانی لەمبارەیەوە رایگەیاند: لە ئێستادا گەورەترین تەحەدای بەردەم حکومڕانی عێراق و کوردستان؛ چۆنییەتی باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکانە، بۆیە دەبێت خزمەتی باشتری هاوڵاتیان بکرێت