بەغداد – ا ه ع حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران تەئكیدیكردەوە، "عێراق ئەمرۆ باشترە لەپێشتر و باشتریش دەبێت بە هاوكاری و یەكێتی و برایەتیمان"، وتیشی "وڵاتەكەمان بەهێز و سەركەوتووە و چیرۆكی سەكەوتنی زۆری لەخۆگرتووە و وڵاتان بە روویدا كراوەن". عەبادی لە میانی وتەیەكیدا كە لە ئاهەنگێكی گەورەی زانكۆی تكریت پێشكەشی كرد، رایگەیاند: "تیرۆر ویستی تەفرەقە لەنیوماندا دروستبكات بەڵام شكستیهێنا و گەلەكەمان سەركەوت، وا ئێستاش زانكۆكەمان جارێكی تر بووەتە رەمزی زانست و پێكەوە ژیان"، خۆشحاڵی خۆشی نیشاندا بە دوبارە گەڕانەوەی زانكۆی تكریت بۆ پیادەكردنی رۆڵی تایبەتی خۆی دوای ئەوەی ببوە یەكێك لە بارەگاكانی تیرۆریستانی داعش پێش رزگاركردنی. سەرۆك وەزیران وتیشی "پێویستە خۆبەختكردن و ئەو خوێنەی پێشكەشكرا بۆ رزگاركردنی سەڵاحەدین لەلایەن پارێزگاكانەوە لەبیر نەكرێت كە تێكشكاندنی داعشی لێكەوتەوە".