بەغداد – ا ه ع حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران فەرمانێكی دیوانی دەركرد كە چەندین رێوشوێن لە خۆدەگرێت بۆ پەلەكردن لە دەستبەركردنی خزمەتگوزارییەكان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاكانی تر، لەسەر بنەمای پێداویستیەكانی بەرژەوەندی گشتی و بۆ جێبەجێكردنی بریاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (123) بۆ ساڵی (2018)، كە تیایدا پێكهێنانی ژورێكی عەمەلیاتی لەخۆگرتوە بۆ چاودێریكردنی پێداویستیە سەرەكییەكان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاكانی تر، لەگەڵ پەلەكردن لە هەوڵی نیشتمانی لە وەزارەتە جیاجیاكان و حكومەتە نێوخۆییەكان و ئاسانكاری بۆ جێبەجێكردنی ئەرك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بە هاوڵاتیان لەسەرجەم پارێزگاكان و یەكخستنی هەوڵ و تواناكان لەوبارەیەوە بریارماندا بە: یەكەم- هەوڵی ئەندازیاری پێكهاتە ئەندازیاریەكانی هەر دوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی لە ژێر فەرمانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا دەبن و جوڵەیان تەنها لە رێی نوسینگەیی سەرۆك وەزیرانەوە دەبێت، بە جۆرێك بەشداربێت لە پشتیوانیكردنی كار و ئەركەكانی ژوری عەمەلیاتی هاوبەش كە بە پێی بریارێكی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە. دووەم- ئەوەی لە مادەی (یەكەم)دا هاتووە لە ئۆپەراسیۆنەكانی پەیوەندیدار بە هەوڵی ئەندازیاری تایبەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنیەكان جێبەجێ ناكرێت و هەر لە چوارچێوەی سیاقی جێبەجێكراوی لایەنە سەربازی و ئەمنیەكاندا دەبن.