بەدواداچوون ـ INA
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە یەمەن کرد بۆ ڕاگرتنی كردەوە سەربازییەکان بۆ ماوەی دوو مانگ و ڕێگەدان بە گەیشتنی کەشتییەکانی هەڵگری خۆراک و سووتەمەنی و دووبارە کردنەوەی بەشێكی فڕۆکەخانەی سەنعا.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە، جەختی لەسەر بۆچوونی ئێران کردەوە بۆ پشتگیریکردنی چارەسەری سیاسی و مرۆیی لە یەمەن، هیواشی خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەك بۆ هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆکانی سەر یەمەن و ئاگربەستێکی هەمیشەیی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی یەمەن.
وتیشی: لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا هیوادارین باشتربوونێک ببینین لە دۆخی مرۆیی و ئاڵوگۆری تەواوی زیندانیان و دەستگیرکراوان لە نێوان لایەنەکان بۆ ململانێی ئەم وڵاتە، ئەمە لە ڕێگەی ئەولەویەتی کردنی کێشە مرۆییەکان و بەردەوامبوونی ئاگربەستەكە، ئەم هەنگاوەش وەک پلاتفۆرمێک بۆ دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فارسی