ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دوازده‌مین دانیشتنی‌ خۆی‌ ده‌به‌ستێت

  • 28-04-2019, 00:00
  • +A -A

    ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27/4/2019 دوازه‌مین دانیشتنی‌ خۆی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران د. به‌شیر حه‌داد و ئاماده‌بونی‌ 200 په‌رله‌مانتار به‌ست.
    له‌ سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌، په‌رله‌مانتار سه‌باح ساعدی به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌ناوی‌ به‌ڕێز موقته‌دا سه‌در خوێنده‌وه‌، كه‌ له‌ ڕێگای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ گه‌لی‌ عیراق كراوه‌و تێیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ سه‌ر دورگرتنی‌ عیراق له‌ ناكۆكی‌ نێوان ئێران و یه‌كێتی‌ دوولایه‌نه‌ی‌ (تره‌مپ- نه‌ته‌نیاهۆ) و جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ سه‌ر دوركه‌وتنی‌ عیراق له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كیه‌كان.
    دواتر ئه‌نجومه‌ن خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ هه‌ریه‌ك له‌ پڕۆژه‌ یاسای‌ فه‌رزكردنی‌ زه‌وی‌ و باخچه‌كانی‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی‌ دیزاینی سه‌ره‌كی‌ شاری‌ به‌غداو شاره‌وانیه‌كان و پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ یه‌كه‌م بۆ یاسای ده‌سته‌ی‌ داواكاری‌ مولكدارێتی‌ ژماره‌ 13 ی‌ ساڵی‌ 2010 و پڕۆژه‌ یاسای رێكخستنی‌ عه‌لوه‌كانی‌ فرۆشتنی‌ میوه‌و سه‌وزه‌و ئاژه‌ڵ و پڕۆژه‌ یاسای پاراستن له‌ توندوتیژی‌ خێزانی دواخست تا كاتی پێگه‌یاندنیان و خستنه‌ڕویان له‌ دانیشتنه‌كانی‌ داهاتودا.
    هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن بڕیاریدا پڕۆژه‌ یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش ژماره‌ 459ی‌ ساڵی‌ 1987 تایبه‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی‌ شارۆچكه‌ی‌ مه‌نده‌لی‌ له‌ ناحیه‌وه‌ بۆ قه‌زا بخاته‌ سه‌ر خشته‌ی‌ كاری‌ دانیشتنه‌كانی‌ داهاتوی‌ خۆی.
    هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌ن خوێندنه‌وه‌ی‌ ڕاپۆرتێك و تاوتوێكردنی‌ پڕۆژه‌ یاسای‌ هه‌مواركردنی‌ شه‌شه‌م بۆ یاسای جێبه‌جێكردنی‌ ژماره‌ 45ی‌ ساڵی‌ 1980 دواخست.
    له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران د. به‌شیر حه‌داد داوای‌ له‌ فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانیه‌كان كرد په‌له‌ بكه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك لیژنه‌كان به‌ مه‌به‌ستی‌ ده‌ركردنی‌ یاسا گرنگه‌كان و جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ خۆیان.
    له‌ كۆتاییدا دانیشتنه‌كه‌ بۆ ڕۆژی‌ دووشه‌ممه‌ 29/4/2019 هه‌ڵگیرا.