ئێدوارد سەعید و هەوڵدان بۆ هەقبێژی

سەعید لە کتێبی “وێنەکانی ڕۆشنبیر – ١٩٩٤” دا، دەڵێت دەبێت ڕاستی بە دەسەڵات، لەڕووی دەسەڵاتدا بوترێت. ئەو ئەرکی ڕۆشنبیر لە توێی کۆمەڵگاکەیهو پەیوەندیی بە دامەزراوەکانەوە دیاری دەکات، کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات‌و ئەوانیش مەرج و فشارەکانی خۆیان دەخەن ڕوو. دەڵێت: “کەواتە، ئەرکی بنەڕەتیی بیرمەند هەوڵدانە بۆ ڕزگاربوون لەو فشارانە. بۆیە من وێنای ڕۆشنبیر وەک نەفیکراو، پەراوێزخراو، ئارەزوومەند، خوڵقێنەری زمانێک، دەکەم، کە هەوڵ دەدات ڕاستییەکان بە دەسەڵات بڵێت.”

د. سەعد بازعی
و/صباح کوردستان

زۆر زەحمەتە بتوانین بیرمەند یان ڕەخنەگری دیکە بدۆزینەوە، کە بەو گەرموگوڕییەی ئێدوارد سەعیدەوە گرنگییان دابێت بە پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیرو دەسەڵات . ئەگەر هەندێکی وەک فۆکۆ و چۆمسکی و بادیۆ ئاوارتە بکەین، ئەوە بەرهەمی سەعید لەم بوارەدا، بەرچاوترینی میراتی سەدەی بیستە لەو بوارەدا. سەعید وەک عەرەبێکی فەلەستینی‌و چالاکوانێکی سیاسی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمریکی، خۆ فڕێدایە ناو پرسە سیاسییەکانی سەردەمەکەی، لەپێشیانەوە کەیسی فەلەستین، کە خۆی ئەندامێکی ڕێکخراوی ڕزگاریی بوو، ئەوە کاریگەرییەکی بنەڕەتی هەبوو لەسەر خۆخەریک کردنی بەو پەیوەندییەوە کە پەیوەندی بەخۆی و خەلکانی دەورییەوە هەبوو. ئەو ماوەی نیو سەدە، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەتا مردنی لەساڵی ٢٠٠٤ دا، درێژەی هەبوو.
وتە نێودارەکەی لەمەڕ وتنی ڕاستی بەدەسەڵات نەک تەنها هەڵوێستەکانی، بەڵکو بەرهەمەکەشی دەگرێتەوە کە زیاتر لە بیست کتێب و سەدان وتارو دیمانەو وانە، لەناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دەگرێتەوە، پیادە دەبێت. کتێبە نێودارەکەی “خۆرهەڵاتناسی -١٩٧٨” دیارترین نیشانەی قۆناغی خەباتگێڕیی سەعیدە دژی دامەزراوەی سیاسی‌و کەلتوری خۆراوایی. بەدوایدا چەند کتێبێک لەبارەی فەلەستین‌و ئیسلام‌و ئیمپریالیزم و پرسە گەورەکانی تر هاتن، کە خۆی لەوێدا ڕەخنەگرێکی سەرسەختی ئەو سیاسەت و ئایدیۆلۆیایانە بوو کە ستەمی لەگەلێک کەسی ناوچە جیاجیاکانی جیهان کرد؛ لەوێدا داکۆکی لە ستەملێکراوان دەکردو وێڕای هەموو ئەو مەترسییانەی دووچاریان دەبوو؛ واش دەرچوو، هەڕەشەی زۆری کوشتن و دابڕانی لێکرا.
زۆربەی دەقە بەرەنگارییەکانی سەعید دووچاری بەرەنگارییەکی بەرامبەر بوونەوە. پرسیارەکە ئەوەیە سەعید تا چ ڕادەیەک ئاگای لە سنورەکانی نێوان گوتارو بەرەنگاریی هەبوو؟ کاریگەریی ئەوە لەسەر گوتارە هزری‌و سیاسییەکەی چی بوو؟ چ جۆرە بەرەنگارییەک چاوەڕوانی بوو؟
سەعید لە کتێبی “وێنەکانی ڕۆشنبیر – ١٩٩٤” دا، دەڵێت دەبێت ڕاستی بە دەسەڵات، لەڕووی دەسەڵاتدا بوترێت. ئەو ئەرکی ڕۆشنبیر لە توێی کۆمەڵگاکەیهو پەیوەندیی بە دامەزراوەکانەوە دیاری دەکات، کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات‌و ئەوانیش مەرج و فشارەکانی خۆیان دەخەن ڕوو. دەڵێت: “کەواتە، ئەرکی بنەڕەتیی بیرمەند هەوڵدانە بۆ ڕزگاربوون لەو فشارانە. بۆیە من وێنای ڕۆشنبیر وەک نەفیکراو، پەراوێزخراو، ئارەزوومەند، خوڵقێنەری زمانێک، دەکەم، کە هەوڵ دەدات ڕاستییەکان بە دەسەڵات بڵێت.”
ڕزگاربوونەکە ڕێژەییە، زمانی ڕۆشنبیریش هەوڵ دەدات ڕاستی بە دەسەڵات بڵێت. سەعید زۆر واقیعییانە لە قەبارەی ئەو فشارانە تێدەگات کە لەسەر ئازادیی بیرکردنەوە هەن. لە وانەکانی (ڕیس)ی بەریتانیایدا، کەدواتر دەبن بە کتێبەکەی لەبارەی ڕۆشنبیرو دەسەڵاتەوە، کە ناونیشانە ئەسڵییەکەیان “وێناکانی ڕۆشنبیر”ە؛ جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ڕۆشنبیر کەسێکی “بێ ئینتیما”یە: زۆرجار ئەوە بە زەینمدا گوزەری دەکرد کە مرۆڤ ڕووبەڕووی تۆڕێکی داپڵۆسێنەری دەسەڵاتە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە (میدیا، حکومەت، کۆمپانیاکان، هی تر) کە بوارێک بۆ ئەگەرەکانی گۆڕانکاریی ناهێڵنەوە.” پاشان نائومێدانە دەڵێت: “ئینتیما نەبوون بۆ ئەم دەسەڵاتانە، لەچەند ڕوویەکەوە مانای نەتوانینە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ڕاستەوخۆ، لێرەدا ڕۆشنبیر شایەتە بەسەر پرسێکەوە، کە ئەگەر ئەو نەبووایە، تۆمار نەدەکرا.”
بەڵام، لێرەدا ئەو چۆمسکییە بێ ئینتیمایە کێیە؟ سەعید لەتوێی نمونەکانەوە ئاماژە دەکات بۆ ئەو ڕۆشنبیرانەی پۆستی سیاسییان نیە، یان لەڕووی سیاسی یان ئابورییەوە دەستیان ناڕوات، وەک چۆمسکی‌و غۆرفیداڵ، دوان لەنێودارترین نەیارانی سیاسەتە فەرمییەکانی ئەمریکا. ئەوانەو هاوشێوەکانیان کە سەعیدیش لەوانە، گەرجی باسی خۆی ناکات، ئەمانەن ئەو ڕۆشنبیرانەی “پۆستیان نیە بیپارێزن، ناوچەیان نیە پاسەوانی بن؛ بۆیە دەست دەدەنە گاڵتە بەخۆکردن و بەخۆیان نانازن، ڕاشکاویی ئەمانە بەسەر پێچەبەدەورەو فرتوفێڵدا زاڵ دەبێت.” لێرەدا سەعید هەمان ئەوە دەڵێت کە پێشتر چۆمسکی لەبارەی پەراوێزخستنی ڕۆشنبیری ناڕازیی، لە میدیاو دامەزراوە فەرمییەکاندا، ئاماژەی بۆ کرد. بێشک، سەعید و هاوشێوەکانیان، لەلایەن میدیای سەرەکی ئەمریکاوە پەراوێزخراون.
هەتا سەعید زیاتر لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی نزیک ببێتەوە، ئامادەیی چۆمسکی لە تێزەکانیدا زیاتر دەبێت، بەڵام کاتێک پرسەکە پەیوەندی بە شیکردنەوەی ڕۆشنبیریی‌و دۆزینەوەی ڕێساکانی گوتارەوە هەبێت، کەسێکی دیکە دەبینرێت، ئەویش فۆکۆیە کە هەر لە کتیبی “خۆرهەڵاتناسی”یەوە کاریبەریی زۆری لەسەر داناوە، ئەو کتێبەی لەسەر بناغەی چەمکی گوتار لای فۆکۆ نوسیوە، واتە وەها سەیری کردووە کە شەپۆلی خۆرەڵاتناسی گوتارێکە دیسپلینی خۆی هەیەو لەتویی کۆمەڵێك پەیوەندی مەعریفی و زمانەوانیی پسپۆڕو گۆشەگیرەوە، بابەتەکەی خۆی دروست دەکات، کە ئەویش خۆرهەڵاتە.
ئەمەش کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە سەعید باسی ئەزمونی خۆی لە گفوگۆکردنی پرسەکانی زانستی سیاسی و ئەنترۆپۆلۆژی‌و فیلۆلۆژی دەکات. خۆرەڵاتناسە پسپۆڕەکان لەو باوەڕەدان کە دەبێت ئەم کارمەندانی ئەم بوارە زانستییانە ئامادەییەکی زانستیی دیاریکراویان هەبێت، کە سەعیدو هاوەڵانی لە کایەی لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکاندا، نییانە. سەبارەتی بە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانانی لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان، بۆی دەرکەوت هەرکەس لەوبارەیەوە گفتوگۆ بکات، ڕەتدەکرێتەوە. نمونەش بە چۆمسکی دەهێنیتەوە، کە زانینی ئەو زیاترە لە پسپۆڕانی زۆرێک لە بوارەکان، بەڵام بەبیانووی ئەوەی گوایە پسپۆڕ نیە، ڕەتی دەکەنەوە.
ئەمە پێشێلکردنی ئازادی گوزارشتکردن یان دانانی کۆت و پێوەندە لەسەر گوتاری هەندێک بواری دیاریکراو، لەبەرژەوەندی هەندێک ئاڕاستەی دیاریکراوی لێکۆڵینەوەو زانیندا، کە خزمەتی سیاسەتەکانی دەسەڵات دەکەن، فشارێکیشە لەسەر ئەو ڕۆشنبیرەی کە فریوی ئەو پشتیوانییە حکومییە دەخوات کە پێشکەشی کۆمەڵێک دامەزراوەی ئەکادیمی دەکرێت بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی دیاریکراو. ئەمریکا هیچی لە سۆڤێت (کاتی نوسینی کتێبەکەی سەعید) کەمتر نیە، لە مەسەلەی ئاڕاستەکردنی تۆژینەوەی زانستی و چالاکی هزرییدا، کە لەکۆتاییدا دەبێتە هۆی کەلەپچەکردنی ئازادیی بیرکردنەوە پێش ئازادی گوزارشت.
ئێستا خەریکین کەمێک لەوە تێدەگەین کە ڕوویدا: “هەردوو وەزارەتی دەرەوەو بەرگریی ئەمریکا، لەهەر لایەنێکی دیکە زیاتر پارە دەبەخشن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی ناو زانکۆکان.” ئەنجامەکەش بەمجۆرە کورتدەکاتەوە: “هەر شتێک پەیوەندی بەم سیستمەوە هەبیت لەسەرووی گفتوگۆوەیەو پەسەند دەکرێت. وەک پێشتریش وتم، لەکۆمەڵگایەکی لیبراڵیی دیموکراتدا، بەپێی پیوەرە تایبەتەکانی کێبڕکێ‌و وەڵامدانەوەی بازاڕ، لەسایەی سەرمایەدارێتییەکی پێشکەوتوودا، بڕیار لەسەر ڕەفتارکردن دەدریت. ئێمە کە خۆمان خەریک کردووە بەو کۆتوپێوەندانەوە کە لەسایەی سیستمە تۆتاڵیتارەکاندا، لەسەر هزرو ئازادیی هیزریی دانراون، ئەوەندە گرنگیمان نەداوە بە وردبونەوە لەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ڕۆشنبیری تاک دەکەن، ئەویش لەلایەن ڕژێمێکەوە کە خەڵات دەبەخشێتە خۆسازاندنی هزری، لەپاڵ بەشداریکردنی خۆبەخۆ بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵێک ئامانج کە زانست نا، بەڵکو فەرمانڕەوا دەستنیشانی کردوون.”
سەعید هوشیاریی خۆی بەرامبەر ئەو کۆتوپێوەندانە ڕادەگەیەنێت کە لەدەوری خۆی‌و ڕۆشنبیران‌و بیرمەندان‌و تۆەران هەن، لە وڵاتێکدا کە لای گەلێک لە ڕۆشنبیرانی جیهان، بە دیموکرات و لیبراڵ دادەنرێت، دەشڵێت بەزاندنی ئەو کۆتانە یان خۆبەدوورگرتن لێیان، کارێکی ئاسان نیە. هەربۆیە باس لە هەوڵدان بۆ وتنی هەق دەکات، دەشزانێت ڕووبەڕووی چ قۆرت‌و ناڕەحەتییەکیش دەبێتەوە، بەڵام ئەو هەمیشە لە پێناسەکردنیدا بۆ ڕۆشنبیر دووبارەی دەکاتەوە کە “ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، کارمەند یان فەرمانبەرێک نیە بەتەواوەتی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی حکومەت یان کۆمپانیایەکی گەورە، بگرە تەنانەت لای سەندیکایەکی پیشەوەرە پێکەوە سازاوەکانیش کارناکات.” سەعید هەوڵ دەدات پێناسەکەی ڕوون بکاتەوە، تا وادیار نەبێت زۆر لوتبەرزانەیەو هەموو شت ڕەت دەکاتەوەو بەهیچ جۆرێک ئامادە نیە خزمەتی ئامانجی سیاسی یان بەرژەوەندی وەها بکات کە پەیوەندییان بە هزری ڕۆشنبیر یاخود بە ڕۆشنبیرییەکەیەوە نیە: “زۆرێک لە ڕۆشنبیران تەسلیمی ئیغراکردن دەبن، لەڕاستیدا هەموومان وادەکەین، بەڵام بە پلەی جیاجیا؛ چونکە کەس ناتوانێت خۆی بەتەنها خۆی بژێنێت، تەنانەت مەزنترینی زانا ئازادەکانیش ناتوانن.” پاشان سەرلەنوێ جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی وتویەتی: “کەس ناتوانێت بە بەردەوامی و لە هەموو پرسەکاندا بە دەنگی بەرز بدوێت” لەگەڵ جەختکردنیدا لە پێویستیی وتنی ڕاستیی لە ڕووی دەسەڵاتدا.

اترك رد

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني.